TerapiStockholm


به خیر بین بو مالپه ری تراپی استکهلم!

من کار لەبواری چارەسەرئ مەعریفی ڕەفتاری دەکەم لە ستۆکهۆڵم، بە ڕێگەی ئۆنلاین و بینین لە نزیکەوە. خۆم لە بنچینەدا کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لەئێران وەکوو چارەسەرکاری دەروونی کارم کردووە. لە سوید لە چەند بوارێکی جیاوازدا وەک چارەسەرکار ئیشم کردووە لەگەڵ منداڵ و هەرزەکار و کێشە خێزانییەکان. هەروەها وەکوو لێکۆڵەر کارم کردووە لە بواری بە ديجیتاڵ کردنی کەرتی تەندروستی لە زانکۆی کارۆلینسکا لە ستۆکهۆڵم. شارەزایی فراوانم هەیە لە بواری لێکۆڵینەوەی دەروونی دەماری لەگەڵ منداڵ و هەرزەکار و گەورە هەروەها پێدانی ڕێنمایی لە دوای شیکاریکردنی نەخۆشییە دەروونی

من چارەسەر بە زمانی سویدی، فارسی و کوردی پێشکەش بکەم.

چارەسەری مەعریفی رە فتاری

چارەسەری مەعریفی رەفتاری یەکێکە لە جۆرەکانی چارەسەری دەروونی کە گرنگی دەدات بە پەیوەندی نێوان بیرکردنەوەکانمان، هەستەکانمان و ڕەفتارمان و هەروەها هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە لەشماندا ڕوودەدەن. ئەم شێوازی چارەسەرە یارمەتیت دەدات کە هەست بە بیرکردنەوە نەرێنیەکان بکەیت هەتا بەرەنگاری جۆرەها حاڵەتی سەخت و ناخۆش ببیتەوە هەروەها مامەڵیەکی دروست و کاریگەرلەگەڵ هەمان ئەو حاڵەتانە بکەیت. لەم شێوازی چاررسەرەدا، من و تۆ بە شێوەیەکی ڕێکخراو کار دەکەین لە چوارچێوەی چەند دیدارێکدا. چارەسەری مەعریفی ڕەفتاری بەکاردێت بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ زنجیرەیەکی بەرفراوانی کێشە دەروونیەکان. زۆربەی کات بە یەکەمین و باشترین ڕێگەی چارەسەر دادەنرێت لەبەر خێرایی دەستنیشانکردنی کێشە دەروونیەکان و بەکارهێنانی ڕێگای تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. بە گشتی ئەم ڕێگای چارەسەرکردنە کاتێکی کەمتری دەوێت بە بەراورد بە ڕێگاچارەکانی دیکە. ئەم شێوازی چارەسەرە زۆر کاریگەرە لە بەرەنگاربوونەوە و مامەڵەکردن کێشە سۆزداریەکان. بۆ نمونە:

  • مامەڵە کردن لەگەڵ نیشانەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان

  • ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی نەخۆشییە دەروونیەکان

  • چارەسەری نەخۆشییە دەروونیەکان لە کاتێکدا دەرمان بەکارهێنان چارەسەرت ناکات.

  • فێربوونی چەند شێوازێک بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ لەگەڵ پەستانە دەروونیەکان لە ژیاندا بە گشتی.

  • ناسینەوەو بەکارهێنانی شێوازی جیاواز بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ هەست و سۆزەکانت.

  • چارەسەرکردنی کێشەی ناو پەیوەندیەکان و فێربوونی ڕێگای باشتر بۆ پەیوەندیکردن.

  • مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ یان لەکاتی لە دەستانی کەسانی ئازیز یان بیرکردنیان.

  • سەرکەوتن بەسەر ئەو هەست و سۆزە نەرێنیانەی بە هۆی ڕووداوی کتوپڕ، گێچەڵی سێکسی یان توندوتیژیەوە دروست دەبن

  • مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.


ئەو نەخۆشییە دەروونیانەی کە بە هۆی چارەسەری مەعریفی رەفتارییەوە باشتر دەبن

ترس و فۆبیا، خەمۆکی و هەستکردن بە خەفەت، نیشانەکانی ئاڵۆزی دووجەمسەری (بای پۆلار)، پەستانی دەروونی، ماندوویی بەردەوام و دڵەڕاوکێ و نەمانی توانای بەرهەمهێنان، دڵەڕاوکێ و ترس، ڕێزگرتنی خود و هەست بۆ خود، ئازاری بەردەوام، کەمخەوی، نەمانی ئارەزووی خواردن یان زۆرخۆری، ڕاهاتن لەسەر ماددە هۆشبەرە کان، مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و ڕووداوە نەخوازراورکان، قورساییەکانی ژیان و هەڵبژاردنی ڕێگای دروست، کێشەی پەیوەندییەکان، توندوتیژی لە پەیوەندییە سۆزدارییەکان، چارەسەری خێزانی، لەدەستدانی کەسی نزیک و دابڕان و خەم، هەستکردن بە ئازاری ویژدان و شەرمکردن. چارەسەری مەعریفی ڕەفتاری لە زۆربەی کاتدا زۆر کاریگەرە کاتێک هاوتەریب بەکاردەهێنرێت لەگەڵ شێوازی چارەسەری دیکە، بۆ نموونە لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمان لە دژی خەمۆکی.

نهێنی پارێزی


نهێنییەکانت پارێزراوە لەگەڵ ئێمە و هەرچی پەیوەندی بە تایبەتمەندێتی تۆوە هەیە بە نهێنی دەمێنێتەوە لە نێوان تۆ و ئێمە. ئەگەر لە کاتێکدا هەڕەشەیەکی جددی بەدی بکرێت لەسەر ئاسایشی تۆ، دەتوانم یارمەتیت بدەم لە پەیوەندی کردن بە لایەنی پەیوەندیدار و دامەزراوە حکومییەکان. ئەو حاڵەتانەش ئەمانەن:

  • لەکاتێکدا هەڕەشەی لە ناکاو و جددی هەبێت بۆ خۆکوشتن و بریندارکردنی خود

  • هەڕەشە کردن لە ژیانی کەسێکی دیکە، بریندارکردن، ئازاردان یان کوشت

  • بەکارهێنانی توندوتیژی دژی منداڵ یان کەسی گەورە

  • ئەگەر نەتوانی ژیانی خۆت ڕێکبخەیت بە شێوازێکی دروست و ئارام

  • چارەسەری مەعریفی ڕەفتاری هێزو توانات پێ دەدات کە ڕووبەڕووی هەموو حاڵەتە نەخوازراوەکان ببیتەوەو لە ڕووی تەندروستی دەروونییەوە هەست بە ئاسوودەیی بکەیت و دڵخۆش بیت لەگەڵ خوودی خۆت و لە ژیانتدا.

پێش چارەسەر وەرگرتن باشترە بزانیت کە

خودی خۆت چالاکانە و کارا بەشداری بکەیت لە بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چارەسەروەرگرتن. من وە چارەسەرکار لەگەڵ تۆ هەوڵ دەدەم ڕێک بکەوین لەسەر شتە گرنگەکان وە چۆن بتوانین بەردەوام بین. من یارمەتیت دەدەم لە دیاریکردن و گەیشتن بە ئامانجی سەردانیکردنەکەت.

بنچینەی سەرکەوتنی چارەسەرەکە پەیوەستە بەوەی تا چەند دەتەوێت کراوە و ڕاستگۆ بیت لە دەربڕینی هەستەکانت، بیرکردنەوەکانت و ئەو شتانەی پێیدا تێپەڕ بوویت، هەروەها تا چەند کراوەی بۆ وەرگرتنی شێوازی تازە لە بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانت. کا تێک کە هەست بە بێزاری و بێ هێزی و بێ چارەیی دەکەی، لەوانەیە پاڵنەری پێویستت نەبێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر، یاخود لە هەندێ کاتدا نەتەوێت درێژە بە چارەسەروەرگرتن بدەی. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، حەتمەن کاریگەری دەبێت لەسەر خێرایی چارەسەرەکە. بۆیە زۆر گرنگە کە هەمیشە پەیوەست بیت بە پلانی چارەسەرکردنەوە و بیر لەوە بکەیتەوە کە چی یارمەتییەکت پێویستە. زۆر گرنگە کە هەمیشە ئەو شتانە بکەیت کە چارەسەرکاری دەروونی پێت دەڵێت، بۆ نموونە خوێندنەوەی بابەتێکی دیاری کراو یان چەند چالاکییەکی دیاریکراو لە دەرەوەی ئەو کاتانەی کە یەکتری دەبینین. بە ئەنجام گەیاندنی ئەو چالاکیانە یارمەتیدەر دەبێت لە فێربوونی ئەو شتانەی چارەسەرکار فێرت دەکات.

کارکردن لەگەڵ هەستە ناخۆشەکان و کێشە دەروونیەکان کارێکی درێژخایەنە و پێویستی بە کاری جددی هەیە. شتێکی نائاسایی نییە ئەگەر لە سەرەتادا هەست بە ئازار و بێزاری بکەی. هەمیشە پێویستیت بە کاتێکی زۆرە بۆ باشتر بوون و سەرکەوتن بەسەر کێشە دەروونیەکان. ئەگەر دوای چەند جارێک لە یەکتر بینین هەستت بە باشتر بوون نەکرد، دەتوانین ڕێگەی تر تاقی بکەینەوە یان گۆڕانکاری لە هەمان بەرنامەی چارەسەرەکەدا بکەین.